ڕێکخراوی Landinfoی نۆروێژی سەردانی بارەگایی ناوەندیی کۆمەڵەیان کرد

 ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی وەفدێکی نۆروێژی لە ڕێکخراوەی Landinfo سەردانی بارەگایی ناوەندی کۆمەڵەیان لە زڕگوێزەڵە کرد.

تەوەری دیدار و چاوپێکەوتنەکەی وەفدی نۆڕوێژی ڕێکخراوەی Landinfo لەگەڵ وەفدی کۆمەڵە بریتی بوون لە پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی ئەو مافانە لە ئێران و لە کوردستان لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بوو.

لەو دیدارەدا هاوڕێ ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسی کورتەیەکی لە جینایەتی و شێوە هەڵسووکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە گەلی کورد و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان کرد. بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە بە دەیان هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێرانی و کوردستانی لە بێ دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بە پێ هیچ پێوەرێکی مرۆیی و یاسایی، بە زیندانی درێژە ماوە و ئیعدام و ئەشکەنجە سزا دراون.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا هاوڕێ ساڵح باسی لە شێوەی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی و کۆڵبەران کرد. هاوڕێ ساڵح باسی لەوەش کرد خەڵکی کوردستانی ئێران بە هۆی سیاسەتە هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ناوچە کوردستانییەکان، ڕێژەی بێکاری زۆرتر و بە هەمان ڕێژەی خەڵک هەژارترن و بۆیە بە ناچار ڕوو دەکەنە پیشەی پڕ مەترسی کۆڵبەری کە بەوپەڕێ بێ ڕەحمی و سیستماتیک و بە بەرنامە بۆ داڕێژراو لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێ دەکرێت و لە ئەنجام دا یان گیانیان لە دەست دەدەن یان خود کەم ئەندام دەبن.

هاوڕێ ساڵح باسی چۆنییەتی هاوکاری کردن و چاوەڕوانی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژ و باقی ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ کرد کە چۆن دەتوانن یارمەتی دەرەی دۆزی کورد و پرسی مافی مرۆڤ بن لە ئێران و لە کوردستان.

کۆبوونەوەی وەفدی ڕێکخراوی Landinfoی نۆڕوێژی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵە پاش چەند کاتژمێر باسی تێر و تەسەل کۆتایی هات و وەفدی میوان بەڕێزەوە بەڕێ کران.

وەفدی نوێنەرانی کۆمەڵە لەو دیدارەدا بریتی بوون لە هاوڕێیان ساڵح شەریفی، عەبدوڵڵا کۆنەپۆشی، عەلی ڕەنجبەری، کەوسەر فەتاحی و ئیدریس عەبدی.

 

 


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:27:29/10/2019