ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات


ئەمڕۆ ھەشت کەس لە ئەندامانی کۆمەڵە لە راگەیاندنێکدا چوونەدەرەوەی خۆیان لە ریزەکانی ئەم حیزبە راگەیاند. ئەو کەسانە بەھۆکاری جیاواز و ھەرکامەیان لەقۆناغێکدا لە چەند ساڵ لەوەپێشەوە بەکردەوە خۆیان لەکاروباری حیزبی دوور خستبووەوە و تەنانەت هەندێک لەوان ساڵانێک بوو دەستیان لە ڕەش و سپی ئەم حیزبە نەدابوو. ئێمە چەندین جار بۆ چالاک کردنەوەیان و قەناعەت پێکردنیان بۆ وەرگرتنی کار و بەرپرسایەتی ھەوڵمان دا و ھەموو ھەنگاوێکمان لەو پێناوەدا ھەڵگرت، بەڵام ئەوان بەپاساو و بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە قبووڵی ھەموو کارێک دزیەوە و سەرەنجامیش چوونەدەرەوەی خۆیان لە کۆمەڵە راگەیاند.
دیارە مانەوە و کار کردن و چالاک بوون لە ھەر حیزب و ڕێکخراوێکدا لەڕووی ویست و بیروباوەڕی کەسەکانە و ھەندێک کەس لە ڕەوتی خەبات و لە ھەلومەرجێکی تایبەتدا بیروباوەڕی خۆیان بە ئامانجی حیزب و ڕێکخراوەکەیان لەدەست دەدەن یان بەھەر ھۆکارێکی شەخسی و سیاسی ئامادە نابن چیدی لەپێناو ئەو ئامانجانەدا کار بکەن و بەو ھۆیانەشەوە رێگەی چوونەدەر لەو حیزبە دەگرنە بەر. ئەو چەشنە ڕووداوە، ھەرچەند بۆ کەس جێگەی خۆشحاڵی نییە، بەڵام ھەندێک جار لە ڕەوتی ژیان و خەباتی ھەموو حیزبە سیاسییەکاندا دێتە پێشەوە.
ئەو ھەشت کەسەش دەیانتوانی ھەر ئەو ڕێگە یاسایی و شارستانیانە بگرنەبەر و بەناسینی قەدری زەحمەتەکانی پێشووی خۆیان و خەباتیان لە کۆمەڵەدا، نامەی خۆیان ڕوو لە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵە بنووسن و بەحورمەتەوە ڕیزەکانی ئێمە بەجێ بھێڵن و لانی کەم جێگە بۆ پەیوەندێکی دۆستانە لە گەڵ ھاوڕێیانی پێشوویان بھێڵنەوە. بەداخەوە ئەوان ئەو ڕێگەیان ھەڵنەبژارد و بە ھەڵبەستنی بوختان و داتاشینی تۆمەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بێ بنەما، چوونە دەرەوەی خۆیان لەبەر چاوی دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە ناشیرین و قێزەون کرد. ئێمە لێرەدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو شێوە ڕۆیشتنە نائەخلاقی و ناشۆڕشگێڕانەیە، ڕایدەگەیەنین کە خۆمان تێکەڵاوی ئەو قسەوقسەڵۆکانە ناکەین و تەنیا ئەوە تەئید دەکەین کە لەم کاتەوە ئەوان ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نەماون و بەرپرسایەتی وتار و کرداریان لە ئەستۆی کۆمەڵە نییە.

 کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کومیتەی دەرەوەی وڵات

٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی ھەتاوی

،٢٠ی ژوئەنی ٢١٠٩ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 846 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:43:20/06/2019