شکۆدار بێت «١ی مەی» ڕۆژی جیهانی هاوپشتی چینی کرێکار


دوانیوەڕۆی ٣ شەممە ٣٠ مانگی ئاپریلی ٢٠١٩ی زایینی ڕیکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە نوێنەری حیزب و ڕیکخراوە سیاسییەکان، ئەندامانی سەکردایەتی کۆمەڵە، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە و کۆمەڵێک لە دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە گشتی و بزووتنەوەی کرێکاری، ڕێ و ڕەسمی شکۆدار ڕاگرتنی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی چینی کرێکار بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێ و ڕەسمەکە بە سروودی «ئێنتیرناسیۆناڵ» سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و چەند ساتێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یاد و بیرەوەری سەرجەم گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد و گیان بەختکردووانی کۆمەڵە دەستی پێکرد.

دواتر هاوڕێ «ئیدریس کڵاودۆزی» ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی بە بۆنەی ڕۆژی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی چینی کرێکار خوێندەوە.

لە درێژەی ڕێ و ڕەسمەکە هاوڕێ «سەرکەوت مەولوودی» پێشمەرگەی بەهرەمەندی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و کۆڕی بانگەواز سروودی «کرێکارین، کرێکارین»ـی بە هاوکاری کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێ و ڕەسمەکە کرد.

بەڕێز حەسەن شێخانی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، پەیامی ئەو حیزبەی بە بۆنەی بەشدارییان لەو ڕێ و ڕەسمە خوێندوە.

ڕێ و ڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند بەرهەمێکی چالاکانی کۆمەڵە لە ناوخۆ درێژەی پێدرا.

دوو پێشمەرگەی بەهرەمەندی دیکەی کۆمەڵە بە ناوەکانی «سەعدی موعەزیز و شۆڕش ڕەزایی» بە هاوکاری کۆڕی بانگەواز دوو سروودی کرێکاری (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانین و بەری بەیانە)ـەیان پێشکەش کرد.

هەر لەو ڕێ و ڕەسمەدا پۆلێکی دیکە لە کوڕان و کچانی خەباتکار و خوێنگەرمی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە پۆلی «شەهید شوان» سازمان درابوون، چەک و پێناسەکانیان لە دەستی هاوڕێ «عەبدوڵلا نووری» یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەر گرت و پاشان سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.

بەشی دووەمی ڕێ و ڕەسمەکەش تەرخان کرا بۆ پیرۆزبایی وتن بە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە و پەزیرایی لە میوانەکان.

ڕێ و ڕەسمی ڕێزگرتن لە ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لە کەشێکی پڕ لە بایەخ بە بزووتنەوەی کرێکاری و تۆکمە کردنی ڕیزی خەبات دژی چەوسانەوە کۆتایی پێهات.


ئه‌م بابه‌ته 149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:31:07/05/2019