پەیامی کومیتەی ناوەندی بە بۆنەی «٢٧ی ڕەشەممە» ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە


بنەماڵەی سەربەرزی گیان بەختکردوان

ڕێبوارانی ڕێگای پڕ لە شانازی شەهیدانی کۆمەڵە

خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان

لە ڕۆژی شەهیداندا چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا و خۆشەویستی ئێمەتان پێشکەش

لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی کۆمەڵە و لە ئاست فیداکاری، خۆڕاگری و گیانبازی ئەوان و ورەی بەرز و دڵی گەورەی بنەماڵەکانیان سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین.

٢٧ی رەشەمە رۆژى گیانبەختکردوانی کۆمەڵەیە. شۆڕشى گەلى کورد بە درێژایی تەمەنى و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى کە ڕزگارى و عەداڵتخوازییە، هیچ کات بێ قوربانى نەبووە و لە ڕێگاى وەدى هاتنى ئامانجەکانیدا ئازیزترین ڕۆڵەکانى خوی بەخت کردووە و لە هیچ کۆشش و فیداکارییەک سڵی نەکردووە.

کۆمەڵەش وەک هێزێکى کاریگەر لە خەباتى زیاتر لە چوار دەیەى خۆى دا شێلگیر و بێ دوو دڵى لە هەموو مەیدانەکانى خەباتى گەلى کورد دەورو نەخشى سەرەکى بووە و لەو پێناوەدا هەزاران ڕۆڵەى پێشکەشى بارەگاى ئازادى و عەداڵتخوازى کردووە.

بە مەبەستى ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و فیداکارى سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردوانى کۆمەڵە، ئەو ئازیزانەی کە لە پێناو ئازادى و عەداڵەتى کۆمەڵایەتى و مافە ڕەواکانی گەلی کورد سەخاوەتمەندانە تێکۆشاون و

لە ڕیزەکانى کۆمەڵە جا چ لە مەیدانیبەرەنگاری لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر یان لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون و گیانیان بەختکردووە، ٢٧ی ڕەشەمە واتە ڕۆژى شەهید بوونى هاورێیانى «گوردانى شوان»مان وەک رۆژى شەهیدانى کۆمەڵە دیارى کردووە.

لەو ڕۆژە دا کە له بەرەبەری نەورۆز و نوێ بوونەوەی ساڵ دایە، ڕێبوارانى ڕێگەى پڕ لە شانازى کۆمەڵە بە گوڵی سوورەوە سەردانى بنەماڵەى سەربەرزى گیانبەختکردوان دەکەن و گڵکۆی شەهیدان گوڵ باران دەکەن، لە ڕێگەى جۆراوجۆرەوە پەیمان لە گەڵ ڕێبازى پڕلە شانازی ئەو ئازیزانە نوێ دەکەنەوە.

٢٧ی رەشەمە وەکوو ڕەمزی ئەمەکناسی و وەفاداری هەموو نەسل و جیلەکانی بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە بە ئامانجە بەرزەکانى ئەو ڕۆڵە فیداکارانە ناسراوە و هەتا هەتایە لە ڕوژمێری خەباتکارانەی نەتەوەکەماندا دەمێنێتەوە. ٢٧ی ڕەشەمە یەکیک لەو بۆنە لەبیرنەکراوانەیە کە تێدا بو جارێکی دیکە لە گەل شەهیدە سەربەرزەکانمان پەیمان نۆێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە بەهاری ئازادی و سەرکەوتنمان کە ئامانجی پیرۆزی ئەوان بوو درێژەپێدەرى شێلگیرى ڕیگە و ئامانج و رێبازیان بین و ساتیک لە تێکۆشان هەدا نەدەین.

جێی خۆیەتی هەر لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە، ڕۆژێکە کە جارێکی دیکە هاوچارەنووسی گەلی کورد لە هەمووپارچەکان دووپات دەکاتەوە. لەو ڕۆژەدا و وێڕای گیانبەختکردنی هاڕێیانی گوردانی شوانی کۆمەڵە شاری هەڵەبجە کەوتە بەر هێرشی دڕندانەی ڕژیمی بەعسی سەدام حسێن و بە شیمایی باران کردنی ئەو شارە ٥٠٠٠ مرۆڤی کوردی بێ تاوان بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەست دا. هەر لێرەشەوە یادی شەهید بوونی هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین.

لە ڕۆژى گیانبەختکردوانی هەمیشە زیندووی کومەڵەدا سەرى ڕێزو وەفادارى بۆ خەبات و تێکۆشان و لە خۆبردوویى هەموو ئەو کەسانە دادەنەوێنین کە بە بەخشینی بەشێک لە جەستەیان و یان بە لە دەست دانى گیانی شیرینیان داکوکیان لە مافى ڕەواى خەڵکى کوردستان کردووە. یادیان بەرز وبەرێزە و ڕێگایان بەردەوام.


ئه‌م بابه‌ته 819 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:00:04/04/2019