بەڕێوەچوونی رێ و رەسمی ٢٧ رەشەممە لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢٧ی رەشەممە، رۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و گیانبەختکردوانی گوردانی شوان، رێ و رەسمێک لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

رێ و رەسمەکە کاتژمێر ٦ی بەیانی بە کاتی کوردستان، بە سروودی شۆڕشگێڕانە دەستی پێکرد. سەرەتای رێ و رەسمەکە بە سروودی بانگەواز، سروودی فەرمی کۆمەڵە دەستی پێکرد. دواتر ١ دەقە بێدەنگی راگیرا بۆ یادی هاوڕێیانی گوردانی شوان و سەرجەم هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە کوردستان.

دواتر هاوڕێ ئەعزەم قوبادی پوور، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی بەم بۆنەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. لە پەیامەکەدا داوا لە خەڵکی کوردستان کرا کە لەم رۆژانەدا و لە بەرەبەری نەورۆزدا سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە بکەن و چەپکە گوڵی رێز لە سەر گلكۆی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو دانێن. هەروەها لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا هاوڕێ ئەعزەم جەختی لەوە کردەوە کە باشترین رێگا بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و گوردانی شوان، درێژەدان بە ڕێگایانە تا گەیشتن بە بەهاری ئازادی.

لە قسەکانیدا هاوڕێ ئەعزەم باسی لەو کارەساتە دڵتەزێنە کرد کە بوو بە هۆی ئەوەی خوێنی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە گوردانی شوان، تێکەڵ بە خوێنی ٥٠٠٠ شەهیدی هەڵەبجە بێت. 

پاشان هاوڕێ کەوسەر فەتاحی پارچە پەخشانێکی خوێندەوە.

دواتر رێ و رەسمەکە بە پێشکەش کردنی چەند سروودی شۆڕشگێڕانە کۆتایی پێهات.

رۆژی ٢٧ی رەشەممەی ١٩٨٨، هاوڕێیانی گوردانی شوان لە کەناری سیروان و نزیک بە هەڵەبجە کەوتنە نێوان شەڕی دوو وڵاتی ئێران و عێراق و دوای کیمیای باران کردنی هەڵەبجە لە لایەن رژیمی بەعسەوە، دوای ئەوەی ئەم هاوڕێیانە کیمیاییان بەرکەوتبوو، کەوتنە بۆسە هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوەو زۆربەی ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە گوردانی شوان گیانیان بەختکردو ١١ کەسیان بە برینداری بە دیل گیران و دواتر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دران. تەرمی هاوڕێیانی گوردانی شوان لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هێندی لە سلێمانی نێژراوە.

دوای هاتنەدەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆنفرانسی ساغ بوونەوەی کۆمەڵەدا، بڕیاردرا ٢٧ی رەشەممە وەک رۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە دیاری بکرێت.


ئه‌م بابه‌ته 825 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:05:28/03/2019