پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کوردستان بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە


سلێمانی/ بەرزاییەکانی قەرەداغ


ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان ڕێکەوتی ١٣ی فێڤرییەی ٢٠١٩ی زایینی پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسی نیزامی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە بە شێوەی ڕەسمی بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون.

ئەم پۆلە لە کچان و کوڕانی ئازادیخوازی کوردستان کە لە ژێر ناوی "شەهیدانی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە" ڕێکخرابوون لە میانەی ڕێ و ڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە چەک و پێناسی پێشمەرگایەتییان لە دەستی هاوڕێ ڕێبوار کەریمییان وەرگرت

پاشانا هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە سروودی "سوورە سوارسروودێک بۆ یادی کاک حەمە حسێن کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە پێشکەش کرد.

یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی باقی هاوڕێیانی پەیامی پەلی شەهیدانی ڕێبەندانی ٥٧ی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا وێڕای ڕێزگرتن و پێزانینان لە مامۆستایان و بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە کە لە پەروەردەکردنی ئەوان ماندوو ببوون، هیوایان خواست شاگردانێکی بە ئەمەک بۆ مامۆستایان و هاوسەنگەرێکی لێوەشاوە و بە وەفای پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بن

جێی ئاماژەیە کە هەر ئێستا پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کوردستان لە بەشی پەزیرشی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و چاوەڕوانی دەست پێکردنی دەورەی سیاسی نیزامی کۆمەڵەن، پەیامێکی پیرۆزباییان لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە خوێندەوە و هیوایان خواست ئەوانیش شانازی ئەوەیان پێ ببەخشرێت  کە وەک هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە، چەکی کۆمەڵە بکەنە شان.

لە کۆتاییدا هاوڕێیانی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵە پیرۆزبایی لە بە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بۆ ڕیزی هێزی پێشمەرگە کرد و بەشی دووهەمی ڕێ و ڕەسمەکەش تەرخان کرابوو بۆ شایی و خۆشی و هەڵپەڕکێ.


ئه‌م بابه‌ته 721 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:11:16/02/2019