کوڕی گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە ئاستی ئورووپادا پلەی یەکەمی کیک بۆکسی k1ی بە دەست هێنا

ڕۆژی شەممە، ٧ی ئۆكتۆبری ٢٠١٨، ئاكام تەرەغە، کوڕی هاوڕێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە، ڕەحمان تەرەغە، لە كێبڕكێی نێونەتەوەیی كیك بۆكسی k1 كە یاریزانانی سەرجەم وڵاتانی ئورووپایی تێیدا بەشدار بوون لە شاری بوخومی وڵاتی ئاڵمان بەشداری كرد و پلەی یەكەمی ئەم كێبڕكێیەی بە دەست هێنا و خەڵاتی قارەمانیەتی ئورووپای بۆخۆی مسۆگەر كرد.

ئەم یاریزانە كوردە، لە كێشی ٧٧ كیلۆدا لە ڕەقیبەكەی بردەوە و مداڵی زێڕ و كەمەربەندی قارەمانیەتی ئورووپای پێ بەخشرا.

ئاكام تەرەغە، سەرکەوتنەکەی پێشکەش کرد بە یادی ئازیزی گیانبەختكردووانی مانگی خەرمانان، بە تایبەت (شەهیدانی ٣ی خەرمانان و هاوڕێ ڕامین حسێن پەناهی)، و خەڵكی تێكۆشەری كوردستانی ڕۆژهەڵات.

ئاكام تەرەغە، كوڕی هاوڕێی گیانبەختكردووی كۆمەڵە، ڕەحمان تەڕەغە، ساڵی ١٣٧٢ لە شاری بۆكان لە دایكبووە، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا كوردستانی ڕۆژهەڵاتی جێهێشتووە و ئێستا دانیشتووی وڵاتی ئاڵمانە، ناوبراو تا ئێستا لە چەندین كێبڕكێی نێونەتەوەیی بەشداری كردووە و سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە.

کومیتەی ئاڵمانی کۆمەڵە، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە هاوڕێ ئاکام تەرەغە دەکات و هیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنی گەورەتری بۆ بە ئاوات دەخوازێت.


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:37:08/10/2018