یادی گیانبەختکردووانی مانگی خەرمانان لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

دوانیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٢/٩/٢٠١٨ لە شاری "كۆڵن"ی وڵاتی ئاڵمان، بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێكی پڕشكۆ یادی هاوڕێ "ڕامین حسەین پەناهی"، "زانیار و لوقمان مورادی"، گیانبەختكردوانی ئەم دواییەی كۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختكردوانی مانگی خەرمانان بەرز ڕاگیرا.
هەروەك هەمووان ئاگادارن لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان سێ لاوی تێكۆشەری كورد لە سێدارەدران و دواتر بنكەوبارەگاكانی حیزبی دێمۆكرات لە كۆیە كەوتە بەر پەلاماری مووشەكی كۆماری ئیسلامی كە چەندین گیانبەختكردوو و برینداری لێكەوتەوە. پێشووتر و لە زۆربەی وڵاتان یادی گیانبەختكردوانی ئەم ڕۆژە بە هاوبەشی لە لایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرابوو. هەر لەم پەیوەندییەدا كومیتەی كۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات ڕێوڕەسمێكی تایبەتی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەبرد.
پاشنیمەڕۆی ڕۆژی شەممە، لەسەر بانگەوازی كۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی كۆمەلە، بە بەشداری كۆمەڵێكی بەرچاو لە كادر و ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵە هەروەها دەیان كەسایەتی ناسراو و چالاكی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ لە نەتەوە جیاوازەكان، بۆ ڕێزگرتن لە گیانبازی و فیداكاری هاوڕێ "ڕامین حسەین پەناهی" و هاوڕێیان "ئەرسەلان جەوزاك"، "پەرویز عەبدی" و "ناسر بانووچ" هەروەها سەرجەم گیانبەختكردوانی مانگی خەرمانانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێوڕەسمێكی شكۆدار بەڕێوەچوو.
لەدوای بەخێرهاتنی میوانەكان و بەشداربووان بە زمانی كوردی و فارسی، ڕێوڕەسمەكە بە سروودی بانگەواز و خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختكردوانی ڕێگای ئازادی و بەرابەری و عەداڵەت دەستی پێكرد. سەرەتا هاوڕێ "عەبدوڵڵا موهتەدی"، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە وتارێكی بە زمانەكانی كوردی و فارسی پێشكەش بە بەشداربووان كرد و تیشكی خستە سەر فیداكاری و لەخۆبردوویی هاوڕێیانی گیانبەختكردوو. ڕێوڕەسمەكە بە خوێندەنەوەی چەند پارچە شێعر و پەخشان و سرودی شورشگێرانە لە لایەن هاوڕێیان "ئارام بوداغی" و "نامۆ شە ره فی" و بەكر لەگزی درێژەی پێدرا .پاشان لە لایەن هاوڕێ "ڕەفێق حسەین پەناهی"، برای هاوڕێ "ڕامین" و ئەندامی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە سپاسنامەی بنەماڵەی ئەو گیانبەختكردووە بۆ هاوسۆزی و پاڵپشتیی بەرفراوانی خەڵكی ئازادیخواز ڕاگەیێندرا و وتارێك پێشكەش بە ئامادەبووان كرا. لە درێژەدا بەرێزان"ئەحمەد ڕەفەت" رۆژنامە نووس و چالاكی سیاسی و حسێنئەحمەدئ نیاز ، پارێزەری هاوریی شەهید رامین حسێن پەناهی باسێكی دیكەیان ئاراستە كرد و ڕێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.
شایانی باسە، ئەم ڕێوڕەسمە بە دوو زمانی كوردی/فارسی و لە كەشوهەوایەكی دۆستانە و شۆڕشگێڕانەدا، لە كاتژمێر ٣ی پاشنیمەڕۆ تا كاتژمێر ٧ی ئێوارە درێژەی خایاند و لە پەراوێزی ئەم گردبوونەوەدا یاد و بیرەوەری و ڕێبازی نەسلی نوێی لاوانی خەباتكار و شۆڕشگێڕ بەوپەڕی ئەمەگناسییەوە بەرز و بەڕێز ڕاگیرا و بەڵێن درایەوە تا گەیشتن بە ماف و خواستە ڕەواكان درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازی گەشاوەیان بین. هەروەها لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و هاوكاری لە نێوان هەموو هێزە دژبەرەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و جینایەتەكانی تاران و گەیشتن بە ئاسۆیەكی ڕوون جەخت كرایەوە.

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
كومیتەی دەرەوەی وڵات

ئه‌م بابه‌ته 399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:15:27/09/2018