ساڵیادی گیانبەختکردنی دوو ڕێبەری گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە بارەگای ناوەندیی، بەرز ڕاگیرا

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ساڵیادی گیانبەختکردنی دوو ڕێبەری گیانبەختکردووی کۆمەڵە کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی و کاک سدیقی کەمانگەر، بە بەشداری ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێک لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو؛ کە لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان وێڕای پەیمان نوێ کردنەوە لە گەڵ ڕێبازی ئەم دوو ڕێبەرە گیانبەختکردووەی کۆمەڵە، پەیوەست بوون بە ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی کاک فوئاد و کاک سدیق و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەستی پێکرد.
پاشان، ژیاننامەی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی و کاک سدیق کەمانگەر لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، هاوڕێ دڵنیا ڕەحیم زادە، خوێندرایەوە.
بە شوێن ئەودا پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی ٩ی خەرمانان، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی کاک فوئادی ڕابەر، لە لایەن هاوڕێ کاکۆ عەلیار، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە خوێندرایەوە.
دواتر پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ڕێبەرانی گیانبەختکردوو (کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی و کاک سدیق کەمانگەر)، لە لایەن هاوڕێ موختار ئەحمەدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە خوێندرایەوە.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵە، لە لایەن هاوڕێ نیما بەنی بەشەر، کادری کۆمەڵەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێکیتری ڕێوڕەسمەکەدا، پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان، پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولی سیاسی، نیزامی، لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، لە ژێر ناوی (پەلی شەهید سارا شەریفی ناسراو بە سارا ئاشی‌گوڵان)، چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەیان کردە شان و بە ڕەسمی پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئاشکرای هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.
لەم بەشە لە ڕێوڕەسمەکەدا، پاش خوێندنەوەی ژیاننامەی هاوڕێی گیانبەختکردوو (سارا ئاشی‌گوڵان)، هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە چەک و کارتەکانیان لە دەستی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان، بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت.
پاشان هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی پەلی شەهید سارا ئاشی‌گوڵان، لە لایەن یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگەوە خوێندرایەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، هاوڕێیانی بەشی پەزیرشی کۆمەڵە پەیامێکیان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە پەیمان نوێ کردنەوەی دووبارە لە گەڵ ڕێبازی ڕێبەرانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە بۆنەی پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، کۆتایی پێهات.


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:17:03/09/2018