ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی ٣٩ ساڵەی گیانبەختكردنی كاك فوئاد مستەفا سوڵتانی

لە مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازەكان كەم نین ئەو بلیمەت و سەركردانەی كە گیانیان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و ئامانجەكانیان بەخت كردووە. بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێرانیش وەك بزوتنەوەیەكی حەقخوازانە لە ماوەی لەسەر كاربوونی كۆماری ئیسلامی لە ٣٩ ساڵی ڕابردوودا خەساری گەورەی داوە و لە هەموو هێزە سیاسیەكاندا رێبەڕانیش بە خوێنی خۆیان مەشغەڵی ئەو شۆڕشەیان گەرم ڕاگرتووە. یەكێك لەو سەركردانه كاك فوئاد مستەفا سوڵتانیه كە له رۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی گیانی لە پێناو گەیشتن به ئامانجەكانی بەخت كرد، كاك فوئاد سیمایەكی ناسراو و هەروها ئەندامی بنەماڵەیەك بوو كە ٤ برای دیكەشی لە بەربەرەكانێ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و سیاسەتە نگریسەكانی لەمەڕ كوردستان، لە زیندانەكانی ئەو رژیمە ئیعدام كران. گیانبەختكردنی سیما ناسراو و سەركردەكانی حیزبەكانی كوردستان ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا نیشانەدری ئەو ڕاستیەیە كە شۆڕش لە كوردستانی ئێران بەرهەمی تێكۆشانی هەمووانه و سەركردە و پێشمەرگه هەموو كات شانبەشانی یەك و فیداكارانە پێكەوە قوربانیان داوه. ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكومكردنی سەرجەم تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێران و كوردستان، رێز دەگرێت لە خەبات و فیداكاری كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی و ئیدانەی تێرۆری هەموو سەركردەو شورشگیران دەكات و بەڵێن دەدات كە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تا گەیشتن بە ئامانجه بەرز و مرۆییەكانی سەرجەم خەباتكارانی كوردستان بەردەوام و شێلگیرانەتر لە هەمیشە درێژەدەری رێگای شەهیدانی نەتەوەی كورد و رێبەرانی دەبێت. دڵنیاین ئاسۆی سەركەوتن نزیكه و ئەو رۆژه دەبینین كه گەلی كوردیش ئازادانه و لە ئاپۆرای گەورەی جەماوەریدا رێز له تێكۆشەران و رێبەرانی شەهیدی دەگرێت.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٣١/٠٨/٢٠١٨ – ٩ی خەرمانانی ١٣٩٧

ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:52:31/08/2018