یادی گیانبەختکردووانی ٣ی خەرمانان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەرز ڕاگیرا

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، یادی گیانبەختکردووانی ٣ی خەرمانانی شاری مەریوان، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتیی، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و چەند ساتێک بێدەنگێ بۆ ڕێزگرتن لە هاوڕێیانی گیانبەختکردوو (ئەرسەلان جەوزاک و پەرویز عەبدی) و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەستیپێکرد.
پاشان ژیاننامەی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو (ئەرسەلان جەوزاک و پەرویز عەبدی)، لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، هاوڕێ سمکۆ بەنەفشی خوێندرایەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە نوێنەرایەتی کومیتەی ناوەندییەوە، وتارێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.
دواتر پارچە شێعری نووسەرێکی ناوخۆی کوردستان کە پێشکەش بە یادی گیانبەختکردووانی ٣ی خەرمانان کرابوو، لە لایەن هاوڕێ ئەفشین دادوەند، خوێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە پارچە شێعرێکی هاوڕێ جەلیل ئازادیخواز کە بۆ یادی گیانبەختکردووانی ٣ی خەرمانان نووسیبووی، کۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 330 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:05:29/08/2018