ڕاگەیاندنی كۆمەڵە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئێران

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز!
وەك دەزانین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێكیتر لە ناڕەزاییەتییەكان شارەكانی ئێرانی گرتۆتەوە، شەپۆلێك كە لە شاری تاران و لە بازاڕی ئەو شارە بە ناڕەزایەتی بە دۆخی ئابووری و ناسەقامگیری نرخی دراو لە بازاڕەكان دەستی پێكرد و زۆر زوو شارەكانیتری ئێرانی گرتەوە و لە خواستێكی ئابوورییەوە پەرەی سەندووە بۆ خواستی سیاسی و مافخوازی.
بێگومان ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەبیندرێت درێژەی هەمان ئەو خۆپیشاندانە ئیعترازییانەیە كە لە ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستی پێكرد و بەشێكی زۆری شارەكانی ئێرانی گرتەوە. ناڕەزایەتییەك كە بە شێوەیەكی دڕندانە لە لایەن ڕژیمی كۆماری ئیسلامییەوە هەوڵی سەركوتی درا و چەندین كەس لە سەر شەقامەكان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەكان كوژران و ژمارەیەكی زۆریش لە زیندانەكاندا بەشێوەیەكی گوماناویی گیانیان لەدەستدا
. جگە لەمەش تا ئێستا دەیان و سەدان كەس لە خۆپیشاندەرانی ئاخێزی بەفرانبار لە زیندانەكاندان و ژمارەیەكیش ناچار بوون وڵات بەجێبێڵن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە شارەكانی ئێراندا دەبیندرێت دەنگێكی ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی دەیان ساڵەیە كە لە سێبەری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دا تەنگی بە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك هەڵچنیوە. داڕووخاندنی كۆمەڵگای ئێران لە گشت بەستێن و بوارەكاندا كە بابەتێكی حاشا هەلنەگرە جێگای ئەم باسە نییە. سیاسەتە ئابوورییە چەوت و ڕانتی و بەرتیل خۆری و دزی و ڕاوڕووتی ئاشكرا و لە رادەبەدەرەكانی رژیمی دەسەڵاتدار و دامودەزگاكانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر.
ترساندن و تۆقاندن، هەڕەشەی مەترسیی كۆدەتای سپای پاسداران و لادانی دەوڵەتی ڕۆحانی یان پارچە پارچە بوونی ئیران، تەنیا بۆ فەزا سازی و تۆقاندنی خەڵك و ناردنەوەیان بۆ ماڵ و كپ كردن و بێدەنگ كردنیانە. بۆ مەگەر بە درێژایی چواردەیە تەمەنی ئەو رژیمە، لە كامە بواردا ڕۆڵی نەبووە و نییەتی یان دەسەڵاتی بە دەستەوە نەبووە؟ داڕووخانی ئابووریی ئێران ئاكامی ڕاستەوخۆی بیر، سیاسەت و بەڕێوەبەرایەتی ئەو ڕژیمەیە.
بازاڕییانی تاران كە بە نەریتی چوار دەیەی ڕابردوو بنكە و پشتیوانی بناژۆخوازان و ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و یەكێك لە هێزە ئابوورییەكانی ئێران بووە، ئێستا بووەتە هێمای هەڵوەرینی ناوخۆیی زۆرتری ڕژیم و ئەم توێژە كاریگەرەی بواری ئابووری ئێرانیش بە شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانەوە پەیوەست بوون.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پێی وایە لە كاتێكدا كە بە درێژای ئەم هەموو ساڵە كە بزووتنەوەی كوردستان لە سەنگەری بەرەنگاری ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا بووە و تەنانەت هەندێك جاریش كەوتۆتە بەر بێ میهری نەیارانی كۆماری ئیسلامیشەوە، بەڵام لە ئێستادا پشتیوانی كردن لە خواست و داواكاری ڕەوای خەڵكی ئێران بۆ ژیانێكی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە و چۆك پێ دادانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی خواستێكی جێی پشتیوانییە و داوا لە هەموو ئازادیخوازانی كوردستانی و ئێرانی دەكەین پاڵپشتی ئەم جوڵانەوە جەماوەرییەی بازاڕییانی تاران بن.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٦/٢٧/٢٠١٨

ئه‌م بابه‌ته 669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:32:27/06/2018