سکرتێری گشتیی کۆمەڵە له‌ کۆبوونەوەی ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداریی کرد

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكەوتی ١٢ی جونی ٢٠١٨ی زایینی كۆڕێكی تایبه‌ت بۆ هەریەك له ‌به‌ڕێزان هاورێ عەبدوڵڵا مۆهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ لێکولێنەوەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی نزیک بە بەشداریی کۆمەڵیک لە لێکۆڵەران و پسپۆرانی سیاسی ئەمریکایی بەرێوەچوو. سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆرشگێر لە قسەکانیدا باسی لە پێشێنەی خەبات و بەربەرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەدوای هاتنه سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، هەروەها جەختی کردە سەر دەور و پێگەی کۆمەڵە لە رێکخستنی رووبەرووبونەوەی چەکدارانه لە دژی کۆماری ئیسلامی لە دوای دەرکردنی فەرمانی جیهاد لە لایەن خومینی دژ بە کورد لە هاوێنی ۱۹۷۹ی زایینی.
لە درێژەی قسەکانیدا سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ئاماژەی به بەروپێشچوونی ئەو خەباتە لە ماوە ئەو نزیک بە ٤٠ ساڵە کرد کە بە رەهەند و شێوازی جۆراوجۆر هەر بە زێندوویی ڕاگیراوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی هەروەها بە هێنانەوەی کۆمەڵێک نمونەی وەک بەردەوامی لە سیدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد، هەڵاواردنی ئابووری هەرێمە کوردییەکان، بەردەوامی ٤ دەیە میلیتارێزەکردنی کوردستان و هەوڵدان بۆ کاری تێروریستی دژ بە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی (وەک دوو جار دانانی بۆمب لە بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆرشگێر لە باشوور لە ماوەی رابردوو) لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەنجی بەشداربووانی بۆ دۆسیەی هەنووکەیی کوردەکانی ئێران ڕاکێشا.

لە کۆتایی قسەکانیدا سکرتێری کۆمەڵه باسی لە گرنگی خەباتی جەماوەری له دەورەی رابردوو و بە تایبەت خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی پێشی کرد که زیاتر لە ۸٠ شاری ئێرانی گرتەوە و دژ بە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەێوەچوو، هەروەها بەشداریی چالاکانەی شارە کوردییە کان لەو رووداوه گرنگەدا جەختی تایبەتی لەسەر کرا. دواتر وەلامی کۆمەڵێک پرسیار و تیبینی لێکوڵەران و کەسایەتی گرنگی ئەو ناوەندە لە پەیوەند بابەتەکانی پێشکەش کراو و چەندین تەوەری دیکە سەبارەت به پرسی کورد لە ئێران درایەوە.

ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:43:13/06/2018