ڕەوەندی کوردی لە نۆروێژ رێپێوانێکی ناڕەزایەتی بەڕێوەبرد

لە سەر داوای  كۆمیتەی هاوكاری حیزب و رێكخراوە سیاسی و فەرهەنگی و كولتووری یەكانی كوردستانی ئێران لە نۆروێژ، ئەمڕۆ شەممە، ڕیكەوتی ٢٤ی مانگی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، رەوەندی كورد لە نۆروێژ، ڕێپێوانێكی ئیعترازی و هێمنانەیان بە مەبەستی مەحكووم كردنی سیاسەتی تیرۆر وسەركوت و زەبروزەنگی كۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی كوردستان و لەقاودانی بێدەنگی و بێ هەلوێستی بیروڕای گشتی و ناوەندە بڕیاردەرەكان بەرێوەبرد.
سەعاتی ١٢ی نێوەڕۆ كوردستانیانی دانیشتووی نۆروێژ لە مەیدانی وێستگەی سەرەكی  قەتاری ئۆسلۆ لە دەوری یەكتر كۆبوونەوە. پاشان بە بەرزكردنەوەی دروشم و پلاكارتی جۆراو جۆر و  شوعاردان بە شەقامە سەرەكی یەكانی  شاری ئۆسلۆدا بەرەو پاڕلەمانی نۆروێژ وەڕیكەوتن. 
لە كاتی تێپەڕین بە شەقامەكانی نێوشاری ئۆسلۆدا، دروشم و پەیامەكانی خۆپێشاندەران  سەرنجی  هەزاران كەس لە خەڵكی ئۆسلۆیان بۆلای خۆیان ڕادەكێشا. بەتایبەتی لە كاتێكدا كە پێكەوە سرودی ئەی شەهیدانیان دەوتەوە، زۆربوون ئەوخەڵكانەی بە نیشانەی هاوپێوەندی دەگەڵ خۆپێشاندەران ئیحساساتی خۆیان نیشاندەدا. ئەوە لە حاڵیكدا بوو كە پۆلیس لە پێشەوەی خۆپێشاندانەكەوە بەمەبەستی پاراستنی نەزم و هەروەها ئەمنییەتی خۆپێشاندەران حەرەكەتی دەكرد.
لە ریزی پێشەوەی خۆ پێشاندانەكەدا، ئارم و لۆگۆی هەموو حیزب و رێكخراوەكانی بەشداربوو بەرچاودەكەوت.. جگە لەوە ئاڵای كوردستان و وێنەی شەهیدانی كوردستان كە ببونە قوربانی دەستی  ئیعدام وتیرۆری كۆماری ئیسلامی بەدەستی خۆ پێشاندەرانەوە دەبینران.
دواتر ئاپۆرای خەڵكەكە لە بەردەرگای پەڕلەمانی نۆروێژ كۆبونەوە و میتینگێكی سیاسی و ئیعتڕازیان بەرێوە برد.  لەسەر داوای كاك قادر عەزیز بەگی، نوێنەری كۆمیتەی بەرێوەبەری میتینگەكە،  دوای ڕاگرتنی دەقیقەیەك بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان، لەسەرەتای بەرنامەكەدا، بەشدارابووان پێكەوە سرودی نەتەوایەتی و میللی ئەی ڕەقیب یان بەدەنگی بەرز پێكەوەگوتەوە. پاشان بڕیارنامەی خۆپێشاندەران بەزمانی كوردی لە لایەن كاك  هیوا خوروەند خوێنرایەوە. دواتر هەمان بڕیارنامە بە زمانی نۆروێژی لە لایەن خوشكە بەفرین ڕۆستەمی خوێنرایەوە.  دوای ئەوە بریارنامەكە بەزمانی فارسی  لە لایەن  كاك ئیدریس كەریمی  خوێنرایەوە. لە بەشیكی دیكەی  بەرنامەكدا یەكێك لە ئەندامانی پاڕلەمانی نۆروێژ بەناوی Freddy Øvestehård پشتیوانی خۆی لە داخوازەكانی ڕەوەندی كوردی  نیشاندا و سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دژی تێكۆشەرانی كورد مەحكوم كرد و داوای لە دەوڵەتی نۆروێژ كرد لە پێوەندی دەگەڵ  دیفاع لە ماف و ئازادی یەكانی خەڵكی كوردستاندا پتر فەعال بێت و لە تواناو ئیمكاناتی دەوڵەتی نۆروێژ لە ناوەندە جیهانیەكان و كۆریدۆرە دێپلۆماسیەكاندا بۆ ئەو مەبەستە كەلكێ پێویست وەرگرێ.
دەبێ بگوترێ لە بڕیارنامەكەی خۆپێشاندەراندا جگەلەوەی سیاسەتی سەركوت و ئێعدام و زەبروزەنگی كۆماری ئیسلامی لە كوردستانی ئیران مەحكووم كرابوو، نێگەرانیش بەرامبەر وەگەركەوتنەوەی ماشینی تیڕۆری كۆماری ئیسلامی بەدژی تێكۆشەرانی كورد لە باشوری كوردستان نیشان درابوو. لەوەش زیاتر داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بیرورای گشتی خەڵكی كوردستان كرابوو نەیەڵن كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە كوردستانی باشور بكاتە قەتڵگای تێكۆشەرانی كوردی نێو ریزەكانی ئۆپۆزیۆنی رژیم.
دەبێ بگوتڕی كۆمیتەی هاوكاری حیزب و رێكخراوەكانی كوردستان، پارتی دێموكراتی كوردستان، یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، گۆڕان، پارتی دێموكراتی كوردستان لە باكوڕ جگە لەوەی لەو حەرەكەتە ئیعتڕازیەدا بەشداربوون، پەیامی هاوپێوەندیی و پشتیوانی خۆشیان بۆ كۆمیتەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەكە نارەدبوو كە لەكاتی بەرێوەچونی بەرنامەكەدا ئیشارەی پێكرا.
دەستەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەكە سوپاسی هەموو خوشك و برایانی كورد لە ئۆسلۆ و دەوروبەردەكات كە لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون. بەتایبەتی ئەو بەشە لە هاونیشتمانیانی كورد كە لەشار و ناوچە جۆراوجۆرەكانی دەرەوەی ئۆسلۆوە خۆیان گەیاندبووە شوێنی رێپێوانەكە. 

حیزب و رێكخراوەكانی پێكهێنەری ئەو خۆ پێشاندانە بریتین لە:
كۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێڕان
_ كومیتەی نۆروێژ
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران 

حیزبی دێموكراتی كوردستان  پارتی ئازادیی كوردستان 
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران 
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان 
ڕێكخراوی خەباتی شۆرشگێڕی كوردستان
پارتی سەربەستی كوردستان 
سازمانی یاری كورد (یارسان) 
ڕێكخراوی دێموكراتیكی یارسان


ئه‌م بابه‌ته 874 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:28:25/03/2018