زنجیرە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە وڵاتی یونان بە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو

لە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن كۆمەڵێك لە چالاكانی سیاسی و نوێنەری حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان بڕیاردرا زنجیرە كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنە جۆراوجۆرەكانی شاری ئاتێنی پێتەختی وڵاتی یونان بەڕێوە بچێت.

چالاكانی سیاسی هاوڕێ لەگەڵ نوێنەری حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 5ی ژانویە لە بەردەم سەفارەتی كۆماری ئیسلامی لە ئاتێن یەكەم كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەم زنجیرە كۆبوونەوانەی كە بڕیاری لە سەر درابوو، بەڕێوە برد. ئەو كۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا درووشم گەلێك دژ بە كۆماری ئیسلامی، لە شێوەی "بڕووخێ كۆماری ئیسلامی، ئازادی زیندانییە سیاسییەكان و..." بە چەند زمان وترایەوە و دواجار دواتر هەركام لە نوێنەری حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان (چالاكانی سیاسی ئاتێن، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و شوورای دێمۆكراسیخوازانی ئێران)، ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان خوێندەوە؛ لە درێژەدا ڕاگەیاندنی هاوبەشی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حدكا بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران و كوردستان لە لایەن هاوڕێ شاهۆ مەحموودی كادری كۆمەڵە خوێندرایەوە.

ڕۆژی دواتر واتە 6ی ژانویە، لە بەردەم سەفارەتی كۆماری ئیسلامی و هاوكات مەیدانی سەرەكی ئاتێن دوو كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دیكە بەڕێوە چوو.

دواجار لەلایەن ڕێكخەرانی ئەم زنجیرە كۆبوونەوانە بڕیاردرا تا گەیشتن بە مەبەست، واتە هەڵوێستی جددی حكوومەتی یونان بەرانبەر بە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران و هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی هەموو ڕۆژێك كاتژمێر 5 لە دوو شوێنی گەشتیاری و قەرەباڵغی شاری ئاتێن ئاكسیۆنی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن و بە ئامادە كردنی تۆمارێك داوا لە خەڵك و حیزبە سیاسییەكانی یونان دەكەن كە بە واژۆكردنی تۆماری ئامادەكراو بۆ پەڕلەمانی یونان، پشتگیری خۆیان لە خەڵكی ئێران دەربڕن و هەڵسووكەوتی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە گەڵ ناڕازییان مەحكووم بكەن.



ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:08:10/01/2018