گوشارەكان بۆ سەر بنەماڵەی حسێن پەناهی مەحكوومە!

خەڵكی ئازادیخواز و تێكۆشەری كوردستان!
ڕێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
بەدوای دەستگیری بێ پاساوی چەند كەس لە ئەندامانی  بنەماڵەی حسێن پەناهی بۆ ماوەی نزیك بە چوار مانگ لەوە پێش، لە لایەن دام و دەزگا ئەمنییەتییەكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی دادگای ئینقلابی لقی سنە بە سەرۆكایەتی سەعیدی كۆمەڵێك حوكمی دژە مرۆیی و ناڕەوای بە سەر سێ كەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی سەپاندووە. بە پێی ئەو حوكمە هەر كام لە ئەفشین حسێن پەناهی بە ٨ ساڵ و ٨ مانگ زیندان، زوبەیر حسێن پەناهی ٦ ساڵ زیندان و ئەحمەد ئەمین پەنا بە ٥ ساڵ زیندانیان بە سەردا سەپێندراوە.
پرۆسەی دادگایی ناوبراوان لە حاڵێكدا بەڕێوە چووە كە مافی پارێزەریان لێ زەوت كراوە و ناوبراوان بۆیان نەبووە داكۆكی لە مافی خۆیان بكەن و سەرەنجام بە كۆمەڵێك تۆمەتی ناڕەوا و بێ بنەما بەو حوكمە نادادپەروەرانە سزا دراون.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕامین حسێن پەناهی یەكێكی تر ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی كە زیاتر لە ١٢٦ ڕۆژە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەرە، لە دوایین بەدواداچوونی كەس و كاری لە زمانی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەتییەكان هەڕەشەیان لێكردوون و  بە شێوەیەكی نامرۆانە و بەو پەری بێ بەزەیی و بێرەحمی دڵنیایان كردوون كە "ڕامین" ئێعدام دەكرێ و دەبێ لە رۆژانی داهاتوو بێن و تەرمەكەی وەرگرنەوە.
 ئێمە لە هەموو ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی سیاسی و مەدەنی كورد و هەموو ڕێكخراوە مافی مرۆییەكانی كوردی و ئێران و جیهانی و خاوەن ویژدانە زیندووەكان داواكارین ئەم گوشار و حوكمە ناعادڵانەیەی دزگایی قەزایی و بڕیاری ناوەندە ئەمنییەتییەكان دژی بنەماڵەی جەرگ سووتاو و داغ دیتووی حسێن پەناهی و ئەمین پەنا كە تەنانەت لەگەڵ پێوەرە یاساییەكانی كۆماری ئیسلامیش ناتەبایە بوەستنەوە و هاوسۆز و هاوخەمیان بن. دەنگی كپ كراوی ئەو بنەماڵەیە ڕوو لە كۆڕ و كۆمەڵی نێونەتەوەیی و ڕێكخراوەی مافی مرۆڤی بن و لەم ڕۆژە سەختانەدا بە تەنیایان نەهێڵنەوە و پشتیوان و پشتگری داخوازییە ڕەوا و مرۆییانەیان بن.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٢٨ی ئۆكتوبری ٢٠١٧ی زایینی
٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:55:28/10/2017