ڕاگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە خۆپیشاندانی خەڵكی شاری سنە

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی خەرمانان خەڵكی شاری سنەی قارەمان بە هەست بە بەرپرسایەتی خۆیان و لە سەر داوای بازاڕییانی شار كە لە ڕاگەیانراوێك داوایان لە خەڵك كردبوو بە گردبوونەوە لە مەیدان ئیقباڵی ئەو شارە كاتژمێر ٧ی پاشنیوەڕۆ،و و لە سەر سنە هاوپشتی و هاوخەباتی خۆیان بۆ خەڵكی ناڕازی بانە دەرببڕن.
هێزە ئەمنییەتی و سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامی، شاری سنە بە گشتی و بە تایبەت مەیدانی ئیقباڵیان تەنی و هەوڵیان دا بە دروست كردنی كەشی ترس و تۆقاندن بەر بە كۆبوونەوەی خەڵكی شاری سنەی قارەمان بۆ پشتیوانی لە خەڵكی شاری بانە بگرن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە خەڵكی شاری سنە بوێر و چاونەترسانە دژی كەشی ئەمنییەتی و ترس و تۆقاندنی هێزەكانی رژیم وەستانەوە و گردبوونەوەی ئیعترازی بەرینیان لە شەقامی فیردەوسییەوە ڕێكخست.
بە دوای دەست پێك و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكەی خەڵكی شاری سنە هێزە سەركوتگەرەكان بۆ بڵاوە پێكردن و بەلارێ دابردنی خواست و داوای مەدەنی و بەرحەقی خۆیان هێزی سەركوتیان بەكار هێناو كە لەگەڵ وەستانەوەی خۆپیشاندەران بەرەوڕوو بوونەوە و لە ئەنجامدا پێكدادان و تێكهەڵچوون لە نێوان خەڵكی خۆڕاگری شاری سنە و هێزە سەركوتگەرەكان هاتە ئاراوە.
لە ڕاگەیاندنەكانی داهاتوودا زانیاری ورتر لەوبارەیەوە بە ڕای گشتی دەگەیەنین.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی بەكارهێنانی هێزە زۆر و سەركوت دژی خۆپیشاندان و داخوازییە مەدەنی و بەرحەقەكانی خەلكی پشتیوانی خۆی لە خەڵكی شاری سنە و داخوازییەكانیان دەكات و داوا لە هەموو  چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەكات كە پشتیوان و داكۆكیكاری خواست و داواكارییەكانی خەڵكی شارەكانی سنە و بانە بن.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندیی 
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٧ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 462 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:06:07/09/2017