لە ستۆکهۆڵم یادی گیانبازی هاوڕێیانی ٢ی پووشپەڕ ڕێزی لێ گیرا



دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٨ی جولای لە توێی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ئامادە بوونی حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییە تێکۆشەرەکانی کوردستانی و ئێرانی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوئێد ڕێز لە شەهیدانی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵی کۆمەڵە شاری سنە گیرا.

مەڕاسمەکە بە سروودی "بانگەواز" سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و چەند ساتێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ یادی شەهیدانی ٢ی پووشپەڕ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێکرد.
کاک نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی ناوداری کورد و ئەندامی پێشووی کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە بۆ یادی ئەو شەهیدانە سروودی "ڕۆڵەی شیرینم، گەنجەکەم"ی پێشکەش کرد کە بە گەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە هاوڕێ "ئەردەڵان فەرەجی" ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە وتەیەکی لەوبارەیەوە پێشکەش کرد. هاوڕێ ئەردەڵان وێڕای بەرز نرخاندی یاد و بیرەوەری ئەو هاوڕێیانە باسی لەوە کرد کە کۆمەڵە هیچ کات خەباتی پێشمەرگانەی ڕەت نەکردۆتەوە وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستان، هاوشان و هاوتەریبی باقی بوارەکانی خەباتی مەدەنی و سیاسی بەڕێوەی دەبات. لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا بەڕێزیان باسی لە کەمپینێک کرد کە بۆ ڕزگارکردنی گیان هاوڕێ "ڕامین حسێن پەناهی" کە لە دەرگیرییەکەی بەرەبەیانی ٢ی پووشپەڕ بە برینداری لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە دیلگیرا کرد و داوای لە هەمووان کرد بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت یارمەتی دەری و پشتیوانی هاوڕێ ڕامین و بنەماڵەی خەباتکاری "حسێن پەناهی" بن.

بە دوای وتەکانی هاوڕێ ئەردەڵانەوە، هاوڕێ "ئەمجەد حسێن پەناهی" بە نوێنەرایەتی بنەماڵەکانی شەهیدانی ٢ی پووشپەڕی شاری سنە (حسێن پەناهی، سەیف پەناهی و نووری) وتەیەکی پێشکەش کرد. هاوڕێ ئەمجەد لە وتەکانیدا وێڕای ڕێز لێنان لە گیانبازی ئەو هاوڕێیانە سپاسی هەموو حیزب و ڕێکخراوە و جەماوەری خەڵکی کوردستانی کرد کە لە ماوەی ڕابردوو دا لە بنەماڵەی ئەوان کراوە و داواشی کرد کە پشتیوان و پشتگیری کاک ڕامینی حسێن پەناهی برای بن و بە ڕۆڵەی خۆیانی بزانن چونکا "ڕامین" کوڕی ئەو میلەتە و ئەو گەلەیە.
لەو مەڕاسمەدا کۆمەڵێک پەیام و برووسکەی ماتەمنی و هاوسۆزی و هاوخەمی و هاوخەباتی لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەوە بە دەست بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمە گەیشتن کە بەشێک لەو پەیامانە لە لایەن نوێنەری ئەو حیزب و ڕێکخراوانەوەی خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
_حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران _ سوئێد لە لایەن بەڕێ کاک چیا عەلیارەوە پێشکەش کرا.
_حیزبی دیمۆکراتی کوردستان _ سوئێد لە لایەن بەڕێز کاک عەلی پوستییەوە پێشکەش کرا.
_پارتی سەربەخۆی کوردستان_ سوئێد لە لایەن بەڕێز کاک ئەمیری قازییەوە پێشکەش کرا.
_پارتی ئازادی کوردستان – سوئێد لە لایەن بەڕێز کاک کامڕان قازییەوە پێشکەش کرا.
_پارتی ئازادی کوردستان (باکوور)- سوئێد لە لایەن بەڕێز کاک نیهادەوە پێشکەش کرا.
_حیزبی مەردومی بەلووچستان.
_کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان_ سوئێد.
و هەروەها کۆمەڵێکیش لەو پەیامانە لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمە هاوڕێ "دڵنیا ڕەحیم زادە"وە ئاماژە بە ناو و ناوەرۆکییان دران کە بریتی بوون لە:
_پارتی دیمۆکراتی کوردستان- لقی سوئێد
_یەکێتی نیشتمان کوردستان- سوئێد
_کۆمەڵەی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان _ سوئێد
_کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ _ سوئێد
_پارتی سوسیالیستی کوردستان _ سوئێد
_ڕێکخراوی دیمۆکراتی یارسان

لە بەشێک لە ڕێوڕەسمەکەدا ویدیۆیەکی دەنگی "پەریا سەیف پەناهی" یەکێک لە جگەرگۆشە جێماوەکانی هاوڕێ "حامید سەیف پەناهی" کە بۆ باوکی هۆنی بۆوە بڵاو کرایەوە کە بە سۆزەوە لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا و هاوکاتیش چەند دیمەنێک لە چالاکییەکان لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ یادی ئەو هاوڕێیانە پێشکەش کرا.
هاوڕێ "نامۆ شەڕەفی" یەکێک لە هونەرمەندانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە بە ژەنینی پارچە موسیقایەک بە یادی ئەو هاوڕێیانە ڕێزی لە خۆنەویستی و گیانبازی ئەو سێ تێکۆشەرە گرت و ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی پڕ سۆز بۆ ئەو شەهیدانە و بەڵێن تازە کردنەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازیان کۆتایی هات. بەشدار بووانی ڕێوڕەسمەکە بە دەم بانگەوازی پشتیوانی لە کەمپینی پشتگیری لە هاوڕێ ڕامین حسێن پەناهییەوە هاتن و بە بەرز کردنەوەی بە کۆمەڵی وێنەی هاوڕێ ڕامین، پشتیوانی خۆیان لەو کەمپینە ڕاگەیاند. جێی ئاماژەیە لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەشدا چالاکانی کەمپینی پشتیوانی لە هاوڕێ ڕامین حسێن پەناهی بە وەرگرتنی واژۆ و وتووێژ لە چالاکییان نواند. هەروەها چالاکانی ئەو کەمپینە بە دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمەکە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و پوستێرەکانی هاوڕێ ڕامین لە شوێنە گشتی و سەرەکییەکانی ستۆکهۆڵم و ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی دانیشتوانی ستۆکهۆڵم لە هەوڵەکانیان بەردوام بوون. 

پاش کۆتایی ڕێوڕەسمی یاد کردنەوەکە کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی تەشکیلاتی سوئێد وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی کۆمەڵە و بە نیشانەی ٣ گیانبەختکردووەکەی ٢ی پووشپەڕی شاری سنە سەردانی مەزارگەی سێ شەهیدی کۆمەڵە "شەهید ناسری خوسرەوەی"، "شەهید دکتور داریوشی وەحیدی" و "شەهید غوڵامی کەشاوەرز"یان کرد.
بەرەبەیانی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ پۆلێک لە ئەندامانی کۆمەڵە پێکهاتوو لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە لە شارەکانی کوردستان لە شاری سنە کەوتنە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە و لە شەڕێکی نابەرابەر و بەرگرییەکی کەم وێنەدا ٣ کەس لە هاوڕێیانی کۆمەڵە بە ناوەکانی "حامید سەیف پەناهی"، "بێهزاد نووری" و "سەباح حسێن پەناهی" گیانی ئازیزیان لە پێناوە ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی بەرحەقی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخت کرد و هاوڕێ "ڕامین حسێن پەناهی"یش لە کاتێکدا بە توندی بریندار بوو بە دیل گیرا.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران_ تەشکیلاتی سوئێد
٩/٧/٢٠١٧



وێنەکان لێرە ببینن

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=774921859336448&set=pcb.774929546002346&type=3&theater

ئه‌م بابه‌ته 711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:26:09/07/2017